|
بههمهن قوبادی له
نیویۆرک ڕێزی تایبهتی
لێگیرا |
ئەنجومەنی ناوداری فیلمی "لینکۆن
سەنتەر" لە شاری نیۆیۆرک
چاوخشاندنێکی بە بەرهەمە
سینەماییەکانی بەهمەن قوبادی ساز
کرد و رێزی تایبەتی لێگرت.
لەم بەرنامەی رێزلێنانەدا کە بە
ئامادەبوونی بەهمەن قوبادی و
خاتوو رۆکسانا سابیری بەڕێوەچوو،
رۆژی سێشەمە 14ی ئەپریل بە نمایشی
فیلمی سینەمایی "کەس لە پشیلە
ئێرانییەکان خەبەری نییە" لە شاری
نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا دەستی
پێکرد و لە درێژەدا فیلمە
بڵندەکانی دیکەی سینەماکاری کورد
نمایش کران.
لە بروشووری ئەم بەرنامەیدا
هاتووە: "بەهمەن قوبادی هەر لە
یەکەمین فیلمە بەرچاوەکەی "کاتێک
بۆ مەستی ئەسپەکان"، ناوی نە
تەنیا وەکوو یەکێک لە سینەماکارە
بەهرەمەندەکانی نەوەی خۆی تۆمار
کرد بەڵکوو وەکوو یەکێک لە بە
وزەترین فیلمسازەکانی نەوەی خۆی
لە مێژوودا تۆمار کرد. لە
فیلمەکانیدا بە بەردەوامی
رووبەڕووری چاوەڕوانییە
مەعموولییەکان دەبێتەوە و
دەیانخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە،
کاراکتێری فیلمەکانی یاغین و لە
دژی دەسەڵاتدا دەوەستن و لە
کۆمەڵگایەکدا کە دەیانەوێت
دایانمرکێنن، کەشوهەوا بۆ خۆیان
خۆش دەکەن."
بەرنامەی چاوخشاندنی بەرهەمەکانی
بەهمەن قوبادی لە کاتێکدا
بەڕێوەدەچێت کە کۆمپانیای
بڵاوکەرەوەی فیلمی IFC لە رۆژی
16ی ئەپریلەوە فیلمی سینەمایی
"پشیلە ئێرانییەکان" لە
سینەماکانی چەندین شاری ئەمەریکا
نمایش دەکات. هەر بۆ ئەم مەبەستە
ئێستاکە بەهمەن قوبادی بۆ نمایشی
فیلمە نوێیەکەی و هەروەها
ئەنجامدانی وتووێژ لەگەڵ
دەزگاکانی راگەیاندنی ئەمەریکا لە
شاری نیۆیۆرکە و لە رۆژانی
داهاتوودا هەر بۆ ئەم مەبەستە
سەردانی شارەکانی دیکەی ئەم وڵاتە
دەکات.
گروپی موزیکی "سەگە زەردەکان" کە
لەم فیلمەدا رۆڵیان بینیوە بۆ
پێشکەش کردنی کۆنسێرت سەردانی
ئەمەریکایان کردووە و تا ئەم کاتە
چەندین کۆنسێرتیان ساز کردووە کە
لە لایەن هۆگرانی ئەمەریکییەوە
پێشوازییەکی بێوێنەیان لێکراوە.
لە ماڵپەڕی بەراوەرد کردنی فیلمی
Rotton Tomatoes سەبارەت بە فیلمی
سینەمایی "پشیلە ئێرانییەکان" 29
ڕخنە نووسراوە کە 28 ڕخنەیان
پۆزێتیڤ بووە و ئەم فیلمە بە
رێژەی سەتا 97 لە سەرووی ریزبەندی
فیلمەکانی رۆژی ئەمەریکادا
وەستاوە.ئەمە لە حاڵێکدایە کە
هاوکات لەگەڵ نمایش کردنی فیلمی
سینەمایی "کەس لەپشیلە
ئێرانییەکان خەبەری نییە" لە
ئەمەریکا، ئەم فیلمە لە
سینەماکانی وڵاتانی
ئیسپانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا،
سویسرا و نەمسا نمایش دەکرێت.