TASIMA

پردێک به‌ره‌و سینه‌مای جیهانی
 

      تاسیما   

 

  

 

 
                       
بەهمەن قوبادی بە هۆی گرفتی ڤیزاوە ناتوانێت بڕواتە ژاپۆن

23-7-2010
فیلمی سینەمایی "کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی، لە لایەن کۆمپانیای ژاپۆنی "مۆڤیۆلا" Moviola لە سینەماکانی وڵاتی ژاپۆن نمایش دەکرێت و بەهمەن قوبادی بە هۆی گرفتی ڤیزا و پاسپۆڕتەوە ناتوانێت لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکەیدا لەم وڵاتە ئامادەبێت.
ئەم فیلمە لە سەرەتای مانگی ئۆگۆست لە شاری تۆکیۆ، لە مانگی سێپتەمبەر لە شارەکانی ئۆزاکا و ناگۆیا، لە مانگی ئۆکتۆبر لە شارەکانی کیۆتۆ، شیزۆکا و ساپۆرۆ و هەورەها لە وەرزی پاییزدا لە شارەکانی کۆبێ و فۆکۆکا نمایش دەکرێت.
بە بۆنەی نمایشی فیلمی سینەمایی "کەس لە پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە" بە رەسمی بانگهێشت لە بەهمەن قوبادی کراوە تاوەکوو لە کاتی نمایشکردنی ئەم فیلمەدا لە وڵاتی ژاپۆن ئامادەبێت، کە بە هۆی گرفتی پاسپۆڕتەوە ناتوانێت لە کاتی نمایش کردنی فیلمەکەیدا لە ژاپۆن ئامادەبێت، پەیامێکی بۆ بینەرانی ئەو وڵاتە ناردووە کە دەقی تەواوی پەیامەکە بەم شێوەیە:
هەر جارێک کە بڕیاربوو بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤالێک یا بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی نمایش کردنی یەکێک لە فیلمەکانم سەردانی ژاپۆن بکەم، بۆ ئامادەبوون لەم وڵاتە خۆشەویستە، ساتەکانم دەژمارد. چونکە هۆگرییەکی زۆرم بە فەرهەنگ و خەڵکی ئەو وڵاتە هەیە. بەڵام بەداخەوە لە بارودۆخێکدام کە بەو هەمووە تامەزرۆییەوە کە لە مندا هەیە، ئەمجارە ناتوانم سەردانی ئەو وڵاتە خۆشەویستەم بکەم. تەواوی لاپەڕەکانی پاسپۆڕتەکەم پڕ بۆتەوە و جێگایەکی خاڵی تێدا نییە کە ڤیزای لێبدرێت و کاتێک کە بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆڕتەکەم سەردانی یەکێک لە باڵیۆزخانەکانی ئێران لە ئەوروپام کرد، بە منیان گوت بە پێی یاسایەک کە تازە پەسند کراوە، نوێکردنەوەی پاسپۆڕت تەنیا لە ناوەوەی ئێران ئەنجام دەدرێت.
من بە باشی دەزانم کە رۆیشتنی من بۆ ئێران، ئەگەر بەند کردنمی بەدواوە نەبێت، دەرەنجامەکەی لانی کەم دەبێتە هۆی ئەوەی کە هاتنە دەرەوەم لە ئێران قەدەغە بکرێت و ئەو پاسپۆڕتە بێ لاپەڕە خاڵییەش لەدەست بدەم. هەر بەم پێیە رێگایەکەم نییە بێجگە لەوەی کە لە رێگای وڵاتێکی دیکەوە مافی شارۆمەندی نەتەوەیەکی دووەم وەربگرم تاکوو بتوانم لەمەبەدواوە بە ئازادییەکی زیاترەوە درێژە بە سەفەرەکانم بدەم. رەنگە لە رێگای کوردستانی عێراقەوە، بتوانم پاسپۆڕتی دووەمم بەدەست بێنم.
دەوڵەتی نایاسایی ئێران خۆشحاڵە لەوەی کە لە گەشتەکانمدا گرفتم بۆ پێش هاتووە. چونکە دەزانێت کە ئامادەنەبوونی من دەتوانێت زیان لە نمایشی کردنی فیلمەکەم لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا بدات. ئەوان بە هیچ شێوەیەک رەزامەندییان نییە لەوەی کە فیلمەکەی من لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دنیا نمایش دەکرێت و نایانەوێت دنیا لەگەڵ گەنجانی بەوزە و خوڵقێنەر و بەفەرهەنگی ئێرانی و گرفتەکانیان ـ کە ئێوە هەندێک لەوانە لە فیلمەکەمدا دەبینن ـ ئاشنا ببن.
بە داوای لێبوردن لەبەر ئەوەی کە ناتوانم لە تەنیشتی ئێوەدا بم، هیوادارم لە رێگای ئێسکایپەوە بتوانم بە شێوەی مەجازی لە بەشێک لە وتووێژەکان و کۆنفرانسەکاندا ئامادە بم. داواتان لێدەکەم یارمەتی بدەن تا فیلمەکەم لە وڵاتەکەتاندا بە باشترین شێوە نمایش بکرێت و ببیندرێت. لە ئێوە داوا دەکەم ئەگەر فیلمەکەتان پێ خۆش بوو، لە رێگای ئیمەیل و تەلەفۆن و هەر کەرەستەیەکی دیکەوە، هەڤاڵانتان بۆ بینینی فیلمەکە هان بدەن تا من و گرووپەکەم لەم رێگایەوە بە بەشێک لە ئامانجەکانی
خۆمان بگەین. ئەم فیلمە پێویستی بە بینەرانی تێگەیشتووی وەکوو ئێوە هەیە.

لەگەڵ باشترین ئاواتەکان بۆ تاک تاکی ئێوە
بەهمەن قوبادی
 

 

 

    

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 ئه‌لپاچینۆ  
 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

     

TASIMA

 

   ‌
        

     تاسیما هه‌موو ڕۆژێک تازه‌ ده‌کرێته‌وه

Friday, July 23, 2010