|
فیلمی
دیکۆمێنتیی "ئێرە
ئافریقایە" ئامادەی
نمایشە |

26-5-2010
فیلمی دیکۆمێنتیی "ئێرە ئافریقایە" لە
وێنەگرتن و دەرهێنانی هونەرمەندی
سینەماکار "بێهروز ئەسراری" و لە
ئامادەکردنی "کەریم بەختیاری" ئامادەی
نمایشە.
بە پێی راپۆرتی راگەیاندنی گشتی فیلمی
دیکۆمێنتیی "ئێرە ئافریقایە"، پرۆژەی
زنجیرە فیلمی دیکۆمێنتیی تەلەفیزیۆنیی
"ئێرە ئافریقایە" لە وێنەگرتن و
دەرهێنانی "بێهروز ئەسراری" و لە
ئامادەکردن، نووسین و خوێندنەوەی
"کەریم بەختیاری" کە لە 10 ئاڵقەی 40
خولەکی پێکهاتووە و لە ماوەی 18 رۆژ
لە وڵاتی ئۆگەندا وێنەی گیراوە، لە
دوای تەواوبوونی کارەکانی
دۆبلاژکردنی، قۆناغەکانی دەنگدانان و
موزیک و مۆنتاژ کۆتایی پێ هات و
ئامادەی نمایش کرا.
ئەم زنجیرە فیلمە دیکۆمێنتییە لەسەر
داوای کەناڵی ئاسمانیی Kurdistan tv و
بە نریشێنی کوردی ئامادە و دابەش
کراوە و بە ماندووبوونێکی زۆری گروپی
ئامادەکار هاتۆتە بەرهەم، کە بەم
زووانە لە کەناڵی ئاسمانیی Kurdistan
tv نمایش دەکرێت.
ستافی ئامادەکاری زنجیرە فیلمی
دیکۆمێنتیی "ئێرە ئافریقایە" لە ماوەی
ئەو 18 رۆژەدا کە لە وڵاتی ئۆگەندا
بوونە، زۆربەی شوێنە گرینگەکانی ئەو
وڵاتەیان بەسەر کردەوە و وێنەیان
لێگرتوون کە بریتین لە: قوتابخانە،
زانکۆ، نەخۆشخانە، پەرلەمان،
مۆزەخانە، پارکی نیشتمانی، بازاڕە
رەسەنەکان، گەورەترین ئامێری ئۆرگی
ئافریقا، شوێنەواری سەرەکیی هێڵی
ئوستوا، دارستانە سەیر و سەمەرەکان،
رووباری نیل و سەرچاوەکەی، میوە
سروشتییەکانی ئۆگەندا، جەنگەڵستانەکان
و سروشتی دەست لێنەدراو، ژینگەی وەحش،
ئاژەڵ، باڵندە، خشۆک و بوونەوەرە
سروشتییەکان و چەندین شوێنی دیکە.
ئەو بابەتانەی کە لە وڵاتی ئۆگەندا بۆ
ستافەکە سرنجڕاکێش بوون و بایەخ و
گرینگیان پێداو لەو فیلمەدا تیشکیان
خستۆتە سەر، بریتین لە: پێداچوونەوە و
لێکدانەوەی داب و نەریت و
رێوڕەسمەکان، شیکردنەوەی شێوازی ژیان
و خواردن و خۆراک و جل و بەرگ،
لێکدانەوەی جۆراوجۆریی رەنگەکان،
لێکدانەوەی تایبەتمەندییەکانی رۆحی و
دەروونی و زمانی و هەروەها جۆری داهات
و چۆنییەتی هەوڵدان و کاری رۆژانەی
ئەو خەڵکانە.
هەروەها ستافی ئەو فیلمە لە میانەی
گەشتەکەیاندا لەگەڵ جێگری سەرۆک
وەزیران، وەزیری گەشت و گوزار، وەکیل
وەزیری کاروباری دەرەوە، سەرۆکی
پەرلەمانی ئۆگەندا و چەندین بەرپرسی
باڵای ئەم وڵاتە دیدار و وتووێژی
تایبەتیان ئەنجامدا.
وڵاتی ئۆگەندا لە ناوەندی کیشوەری
ئافریقا هەڵکەوتووە و بە جۆرێک مرواری
ئافریقاو ئاوێنەی باڵانوێنی
ئافریقایە. جەماوەری ئۆگەندا 32
میلیۆن کەسە و ئەم وڵاتە ئێستا
یەکێکە لە 10 ئەندامی
ناهەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە
یەکگرتووەکان.
ئۆگەندا وڵاتی فرە ئایین و ئازاد،
وڵاتێکی سەرسەوز و پڕئاو، وڵاتی
سەرچاوەی رووباری نیل، وڵاتی هەمیشە
بەهار، وڵاتی خاوەن سروشتی بێ وێنە و
دڵڕفێن، وڵاتی رەنگ و جوانی، وڵاتی
قاوە و لۆکە، وڵاتی گەلانی جۆراوجۆر و
خەڵکانی میهرەبان و بێ غەل و غەش و بە
گشتی لە یەک ڕستەدا پارچەیەک لە
بەهەشتی خودا لەوێ بەربۆتەوە.
ستافی ئامادەکاری زنجیرە فیلمی
دیکۆمێنتیی "ئێرە ئافریقایە" لە
یەکەمین سەفەری سازکردنی ئەو
بەرهەمەدا سەردانی وڵاتی ئۆگەندای کرد
و بڕیار وایە لە درێژەی ئەو پرۆژەیەدا
سەردانی وڵاتی ئافریقای باشوور بکەن.
بە بڕوای دکتۆر "محەمەد ئەحمەد
کیسولە" باڵیۆزی وڵاتی ئۆگەندا لە
ئێران کە هاوکات بەرپرسی
پەیوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی ئۆگەندا
لەگەڵ وڵاتانی عێراق و تورکیا و
ئەفغانستان و پاکستانە، پرۆژەی زنجیرە
فیلمی دیکۆمێنتیی تەلەفیزیۆنیی "ئێرە
ئافریقایە" دەبێتە سەرەتای
دەستپێکردنی پەیوەندییەکانی
دوولایەنەی وڵاتانی عێراق و ئۆگەندا و
کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هەر دوو وڵات
و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
هونەرمەندانی ستافی ئامادەکاری زنجیرە
فیلمی دیکۆمێنتی "ئێرە ئافریقایە"
بریتین لە:
سەرپەرشتی بەرنامە و چاودێری بەرهەم:
کامیل فەخرەدین.
بەڕێوەبەری وێنەگرتن و دەرهێنەر:
بێهروز ئەسراری.
ئامادەکردن، گێڕانەوە، نووسینی دەق و
خوێندنەوە: کەریم بەختیاری.
راوێژکاری پرۆژە: دکتۆر ئەسعەد
ئەردەڵان.
مۆنتاژ: بێهروز ئەسراری، خەبات
فرووزەندە.
دەنگهەڵگر، دەنگدانەر و میکساژ:
بێهروز ئەسراری.
وێنەگری فۆتۆگرافەر: کەریم بەختیاری.
تەدارەک و هاتوچۆ: مەحموود، شۆفێری
وەزارەتی گەشتیاریی ئۆگەندا.
تۆمارکردنی دەنگ: ستۆدیۆ هونەر بۆکان.
دیزاینی تیتراژ: خەبات فرووزەندە.
دیزاینی وۆلە: فەرهاد نەباتی.
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: پەیمان
ئەحمەدیان، یووسف زوبەیری.
پێداچوونەوەی دەق و وەرگێڕاوەکان:
مەنووچێهر جیهانی.
دوبلاژ: لەیلا بەختیاری، موحسین حوسێن
پوور.
هەڵبژاردنی موزیک: ئومید ئەسراری.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی:
مەنووچێهر جیهانی، مەنسوور جیهانی.
سوپاسی تایبەت بۆ: باڵیۆزخانەی عێراقی
فیدراڵ لە ئێران ـ مامۆستا عەلی
گەڵاڵی، باڵیۆزخانەی ئۆگەندا لە ئێران
ـ دکتۆر محەمەد ئەحمەد کیسولە،
نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە
تاران ـ دکتۆر جگەرخوێن، نوێنەری
وەزارەتی گەشتیاریی وڵاتی ئۆگەندا ـ
تۆنی ئۆفونگی، کۆمپانیای گەشت و
گوزاریی سیروان ـ بۆکان.
بەرهەمی کەناڵی کوردستان تی ڤی 2010
هونەرمەندانی سینەماکار "بێهروز
ئەسراری" و "کەریم بەختیاری" وەکوو
یەکەمین
ستافی هونەری کوردیی بە شێوەیەکی جیدی
خەریکی بەرهەمهێنانی زنجیرە فیلمی
دیکۆمێنتی تەلەفیزیۆنین و تا ئێستا
چەندین فیلمی دیکۆمێنتییان ئامادە
کردووە کە بریتین لە: زنجیرە فیلمی
دیکۆمێنتیی "ئێرە هیندوستانە" لە 6
ئاڵقەی 32 خولەکیدا، زنجیرە فیلمی
دیکۆمێنتیی "ئێرە ئیسفەهانە" لە 8
ئاڵقەی 35 خولەکیدا. هەروەها لە
زۆربەی شوێنەوار و گوندە مێژووییەکانی
کوردستان، لەوانە: "قەڵای گەل"
(پاڵنگان) لە 3 ئاڵقەی 40 خولەکیدا،
"تاڤگەی خەرپاپ" ، قەڵابەردینە، بی بی
کەند، کیمیابارانی سەردەشت، هەڵۆی
مەیگۆڕێ و لە چەندین ئاسەوار و شوێنی
دیکە فیلمی دیکۆمێنتییان هێناوەتە
بەرهەم.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتی فیلمی
دیکۆمێنتیی "ئێرە ئافریقایە".
|