|
فیلمی سینەمایی "ماندوو
لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی
"لۆکارنۆ" وەرگیرا |

27-7-2010
فیلمی سینەمایی "ماندوو" لە دەرهێنانی
سینەماکاری کورد "ئیبراهیم سەعیدی" کە
بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی
هەرێمی کوردستانە، لە بەشی کێبڕکێی
رەسمی "فیلمسازە خولقێنەر و
نوێخوازەکانی هاوچەرخ" لە 63مین خولی
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی
"لۆکارنۆ" لە وڵاتی سویسرا وەرگیراوە
و بۆ یەکەمین جار لەم فیستیڤاڵە
گرینگەی سینەمای جیهان نمایش دەکرێت.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتی فیلمی
سینەمایی "ماندوو" لە تاران، شەست و
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی
فیلمی "لۆکارنۆ" لە رۆژانی 4 تا 14ی
ئۆگۆستی 2010 بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم
لە سینەماکارانی سەرانسەری جیهان لە
چەندین بەشی جۆراوجۆردا لە شاری
لۆکارنۆ لە وڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت.
فیلمی سینەمایی "ماندوو" لە دەرهێنانی
سینەماکاری مەهابادی ئیبراهیم سەعیدی
و لە وێنەگرتنی بایرام فەزلی لە
کۆتایی وەرزی پاییزی ساڵی 2008 و لە
سەرەتای وەرزی زستانی 2009 بە ماوەی
دوو مانگ لە ناوچەکانی "چەمچەماڵ"،
"سەنگاو"، "سوورداش" و "سەرگەڵوو" لە
هەرێمی کوردستان و هەروەها لە شاری
کەرکووک وێنەگیراوە و هەڵبژاردەیەک لە
ئەکتەرەکانی کوردستانی عێراق و ئێران
تیایدا رۆڵیان بینیوە.
فیلمی "ماندوو" کە یەکەمین بەرهەمی
سینەمایی "ئیبراهیم سەعیدی" دوای
فیلمی دیکۆمێنتی "دایکانی من"ە،
چیرۆکی بنەماڵەیەکی ئاوارەی کوردی
ئێرانی لە عێراق بۆ بینەر دەگێڕێتەوە
کە دوای 28 ساڵ مانەوە لە عێراق،
هەوڵدەدەن کە بۆ زێدی خۆیان لە ئێران
بگەڕێنەوە.
فیلمی سینەمایی "ماندوو" تێدەکۆشێت بە
روانین بە گۆشەیەک لە عێراقی ئەمڕۆ،
بابەتی کۆچکردن بۆ دەرەوە بخاتە بەر
لێکۆڵینەوە. لە سەرەتای هەشتاکانی
1980 زایینیدا بە هۆی شەڕ و نائەمنی
لە ناوچەکانی سنووری ئێران و عێراق،
ژمارەیەکی زۆر لەگەڵ بنەماڵەکانی
خۆیاندا بوونە پەنابەری عێراق.
حکومەتی بەعسی عێراق، ئەو بنەماڵانەی
لە کەمپی پەنابەران لە بیابانەکانی
باشووری عێراق، خستە ژێر چاودێری توند
و سەختەوە.
ئەم جیلە لە ئاوارەکان لە باروودۆخێکی
سەخت و نالەباردا لەوێ رۆیشتن و بەم
شێوەیە تا ساڵی 2003 و ڕووخانی
حکومەتی سەدام حوسێن لەم کەمپە
پەنابەریانە لە عێراقدا مانەوە و لە
ماوەی ساڵەکانی 1991 تا 2003 لە ژێر
چاودێری و پشتیوانی رێکخراوەی نەتەوە
یەکگرتووەکان بەرەبەرە هەندێکیان
لەوانە ئەو هەلەیان بۆ ڕەخسا کە وەکوو
پەنابەر لە لایەن وڵاتانی ئەورووپی و
ئەمەریکییەوە وەربگیرێن و بۆ ئەو
وڵاتانە رەوانە کران.
ناوەرۆکی فیلمی سینەمایی "ماندوو"
سەبارەت بەو دو بنەماڵەیە لەم
بنەماڵانەیە کە یەکیان لە ساڵی 2005
دوای ڕووخانی سەدام حوسێن بە یارمەتی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە
سەقامگیرەکانی هەرێمی کوردستان
گوێزرانەوە و ئەو بنەماڵەیەی دیکەش بە
یارمەتی رێکخراوەی نەتەوە
یەکگرتووەکان بەرەو ئەورووپا کۆچیان
کرد.
ئەو بنەماڵەیەی کە لە عێراقدا
ماونەتەوە، دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ
ژیان لە دووروڵات و باروودۆخی سەختی
پەنابەریدا کە بەرسەریاندا هاتووە و
هەروەها باروودۆخی نالەبار و نەخۆشی
باوکی بنەماڵەکە، بڕیار دەدەن کە بۆ
تێپەڕکردنی دوایین کاتەکانی ژیانی
باوکەکە بەرەو زێدی خۆیان لە ئێران
بگەڕێنەوە. لە درێژەی ئەو گەشتەدا و
بە کرانەوەی پەیوەندی کەسەکانی
بنەماڵەکە لەگەڵ یەکتری، بابەتی
مرۆڤایەتی و کۆچکردن لە دنیای ئەمڕۆدا
دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە.
ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی
"ماندوو" بریتین لە:
دەرهێنەر: ئیبراهیم سەعیدی
بەرێوەبەری وێنەگرتن: بایرام فەزلی
نووسەرانی سیناریۆ: ئیبراهیم سەعیدی و
حوسێن مورتەزائیان ئابکنار
ئەکتەرەکان: رۆژان حەمە جەزا، تیما
ئەمیری، شەهاب فازلی، وەستا خالید،
سەلاحەدین شێخ موحەمەدی، عەبداڵ
شەوکەت عەبداڵ، مەحموود گلی، خاتوون
غەدیر شەمران، ئیسماعیل کەریم، سۆران
ئیبراهیم، زەمان حەمید شەفیق و زەمەن
شەفیق شەمران
|