|
لە
پاریس هەمووان بوونە
پشیلەکانی بەهمەن قوبادی
|

16-6-2010
رۆژی یەکشەممە
13ی جوون، فیلمی سینەمایی "کەس لە
پشیلە ئێرانییەکان خەبەری نییە" لە
دەرهێنانی بەهمەن قوبادی، لە
بەرنامەیەکی تایبەتدا بە دروشمی
"تەنیا بۆ رۆژێک با هەموومان ببینە
پشیلەیەکی ئێرانی" لە سینەما تێکی
فەڕەنسا نمایشکرا.
ئەم بەرنامەیە کە بە بەشداری وەزیری
رۆشنبیری فەڕەنسا و ژمارەیەک لە
مامۆستایانی زانکۆ و سینەماکاران لە
سینەما تێکی شاری پاریس بەڕێوەچوو،
رۆژێک بە ناوی "رۆژێک لە تاران" بێجگە
لە فیلمی "کەس لە پشیلە ئێرانییەکان
خەبەری نییە" بۆ نمایشی کۆمەڵێک فیلمی
دیکەی سینەمای ئێران تەرخانکرابوو.
هەروەها کۆڕێک لە سەر "سینەمای ئەمڕۆی
ئێران" بە بەشداری خاتوو "شیرین
عیبادی" هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە
ساڵی 2003، سیناریۆنووسی ناوداری
فەڕەنسی و ئەکتەر "ژان کلۆد کارییەر"
و بە سەرۆکایەتی "مارک ویچت"
بەڕێوەچوو.
"سێرج تۆبیانا" بەرپرسی سینەما تێکی
پاریس لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بەرنامەی
"رۆژێک لە تاران"، گوتی: "ئەنگێزەی من
ئەوەیە کە بڵێین تا چەندە بوونی
سینەما ئێران بۆ سینەمای جیهان گرینگ
و پێویستە و زۆر بەختەوەرم کە
سینەماکارێک وەکوو بەهمەن قوبادی بە
فیلمی سینەمایی "کەس لە پشیلە
ئێرانییەکان خەبەری نییە" و هەروەها
دەرهێنەرەکانی دیکەی سینەمای ئێران
بەشداریان کردووە."
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەی "رۆژێک لە
تاران"دا ڤۆرکشۆپێکی فێرکاری بۆ
هۆگرانی هونەری ئەنیمەیشێن بەڕێوەچوو،
کە تیایدا کۆمەڵێک ئەنیمەیشێنی ئێرانی
بۆ ئامادەبووان نمایش کران.
|